سنە؛ بانگ کردن و لێپرسینەوە لە چوار ئەندامی یەکیەتی مامۆستایان دوابەدوای بانگەوازی کومیتەی خەڵکی پشتیوانی لە مامۆستایانی دەرکراو

هەنگاو؛ هەینی ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٥
لە درێژەی فشاری سیستماتیک بۆ سەر مامۆستایانی کوردستان و دوابەدوای بانگەوازی کومیتەی خەڵکیی پشتیوانی لە مامۆستایانی کوردستان، چوار ئەندامی یەکیەتی مامۆستایانی سنە بە ناوەکانی لوقمان ئەفزەلی، سەلاح حاجی میرزایی، مەجید کەریمی و نەسرین کەریمی لە لایەن ئیتلاعاتی فەراجا بانگ کراون و لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێکراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، چوار ئەندامی یەکیەتی مامۆستایانی سنە بەناوەکانی لوقمان ئەفزەلی، سەلاح حاجی میرزایی، مەجید کەریمی و نەسرین کەریمی کە بەم دواییانە لەگەڵ یاسای قورسی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان بەرەو ڕوو بوونەوە، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی فەرجا بانگ کران و لێپرسینەوەیان لێکراوە.
بانگکران و لێپرسینەوە لەم مامۆستایانە دوابەدوای بانگەوازی کۆمیتەی خەڵکیی پشتیوانی لە مامۆستایان بۆ بەڕێوەبردنی شاخەوانی ناڕەزایەتیی لە سنە هاتووەتە ئاراوە.
جێگای ئاماژەیە کە، ڕۆژی هەینی ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، ئەم شاخەوانییە بە بەشداریی بەرینیی هاووڵاتییان، چالاکانی مەدەنی و گرووپەکانی شاخەوانی ئەنجام درا و بەشداربووان بە جەخت کردنە سەر پشتیوانی لە مامۆستایان، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە دەرکردنی حوکمی قورس و نابەرابەرانە دژ بە مامۆستایانی کوردستان دەربڕی.