لوڕستان؛ دەستبەسەر کرانی عەلی پاپی بەمەبەستی جێبەجێ کردنی سزای بەندکرانەکەی

٢٢ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٤:٣٥

هەنگاو؛ شەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

عەلی پاپی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دورود سەر بە پارێزگای لوڕستان بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی دوو ساڵ بەندکرانەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیدارە ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی دورودی لوڕستان گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢ی مەی ٢٠٢٤)، عەلی پاپی تەمەن ٥٣ ساڵ و خەڵکی شاری دورودی سەر پارێزگای لوڕستان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ هەبوونی هیچ بەرگەیەکی دادوەری لە شوێنی کارەکەیدا دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی دورود گواسترایەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هاوژینەکەی، مەهتاب یارئەحمەدی دەستبەسەر کرا و لەلایەن لقی ١٠١ دادگای تاوانەکانی دورود بە دادوەری مەحەممەد حوسەینی، بە تۆمەتی " بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە لە میدیاکان" بە دوو ساڵ بەندکران سزا درابوو.

عەلی پاپی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هاوژینەکەی، مەهتاب یارئەحمەدی دەستبەسەر کرا بوو و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە تا کۆتایی هاتنی داگایەکەی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.

مەهتاب یارئەحمەدی ١٢ی پوشپەڕی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرا و دوای تێپەڕبوونی ٣ مانگ لە دەستبەسەر بوونی لە ٢٢ی خەرمانان بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد بوو. لە کۆتاییدا ناوبراو لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دورود سزای دوو ساڵ و دوو مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە