شنۆ؛ ئازادیی کاتی سابیر ئیبراهیمی بە بارمتەی پێنج ملیاری تمەنی
هەنگاو؛ شەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
سابیر ئیبراهیمی، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد و خەڵکی شاری شنۆ، دوای ٥٣ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١١ی مەی ٢٠٢٤)، سابیر ئیبراهیمی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ئاڵکاوێی سەر بە شاری شنۆ دوای ٥٣ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بە دانانی بارمتەی پێنج ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سابیر ئیبراهیمی دوای دەستبەسەرکران لە شنۆ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترایەوە و لە ماوەی دەستبەسەرکرانەکەیدا لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا بووە.
سابیر ئیبراهیمی تەمەن ٢٤ ساڵ ئامۆزای مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسیی کوردی لە سێدارەدراو، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١٩ی مارسی ٢٠٢٤)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شنۆ بەبێ نیشاندانی بەڵگەی دادوەری و لە شوێنی کارەکەیدا دەستبەسەر کرابوو.
شایەنی باسە کە ئاکۆ ئیبراهیمی و ئارمان ئیبراهیمی دوو ئامۆزای دیکەی مەحیەدین ئیبراهیمی هەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شنۆ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسیی کورد ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (١٧ی مارسی ٢٠٢٣)، دوای شەش ساڵ دەستبەسەربوون لە بەندیخانەی ئورمیە لە سێدارە درا.