ئازادی کاتیی پێنج هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز بە دانانی بارمتە

هەنگاو؛ شەممە ٢٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٥
نەریمان ڕەندانی، زەکریا مورادی، ئومید ڕەحیم زادە، مەهدی کەماڵی و محەممەد ئەمین پوور، هاووڵاتییانی کورد و خەڵکی سەقز، کە زیاتر لە دوو مانگی پێشەوە لە لایەن هێزەکانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی قۆناغەکانی دادوەریی ئازاد کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥)، نەریمان ڕەندانی، زەکریا مورادی، ئومید ڕەحیم زادە و محەممەد ئەمین پوور، هەر کام بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کران.
مەهدی کەماڵی پێشتریش لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٢٢ی سێپتەمبری ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
ئەم هاووڵاتییانە لە ماوەی دەستبەسەر کرانیاندا، لە سەرەکیی ترین مافەکانی خۆیان وەک پەیوەندیی تەلەفونی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون و پێداچوونەوە بەردەوامەکانی بنەماڵەکانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بێ وڵام مابووەوە.
زەکریا مورادی، ئومید ڕەحیم زادە، مەهدی کەماڵی و محەممەد ئەمین پوور، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەقز دەستبەسەر کرابوون.
هەروەها نەریمان ڕەندانی، لە چالاکانی میدیایی و مەدەنی کورد، کاتژمێر ٦ی بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سەقز دەستبەسەر کرابوو.
ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتریش دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (٩ی ئاڤریڵی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سەقز دەستبەسەر و ٢١ی گوڵان، بە دانانی بارمتە تا کۆتایی قۆناغەکانی دادوەریی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
ناوبراو پێشتریش ئەزموونی دەستبەسەرکران و بڕیاری دادوەریی بووە و ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئەمنییەتی لە یەکێ لە شەقامەکانی شاری سەقز دەستبەسەر و ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٥ی فێڤرییەی ٢٠٢٥)، پاش ٣٣ ڕۆژ دەستبەسەر کران، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی قۆناغەکانی دادوەریی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرابوو.