جێبەجێکرانی سزای سێدارەی چوار بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان

٢٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٢:٠٣

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی چوار هاووڵاتیی لوڕی بەختیاری بە ناوەکانی مەسعوود ئەستەکی، جەعفەر حەسەنزادە، مەجید ڕەزایی و مستەفا ئاقامحەممەدی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٢ی مەی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی لانی کەم ٤ هاووڵاتی بە ناوەکانی مەسعوود ئەستەکی، جەعفەر حەسەنزادە، مەجید ڕەزایی و مستەفا ئاقامحەممەدی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان (بەندیخانەی دەستگرد) جێبەجێ کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار بەندکراوە کە هەموویان لە هاووڵاتییانی لوڕی بەختیاری و خەڵکی زەینەبیەی ئیسفەهان بوون، ١٠ ساڵ پێش لە دۆسیەیەکی هاوبەش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی ئامۆزای مەسعوود ئەستەکی دەستبەسەر کرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

شایەنی باسە کە، ئەو چوار هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕ لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکە بەناوی مەحموود عەتایی نیکوویی ئابادی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لە سێدارەدرانی ئەو چوار بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا نزیکەکان لە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە