ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێزدە بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان، قوم، ساری، یاسووج، مەلایێر و خوڕەمئاوا

هەنگاو؛ دووشەممە ۷ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
سزای سێدارەی سێزدە بەندکراو بەناوەکانی بێهنام میرئەحمەدی، میلاد کیانی، کەماڵ ئەڵماسی، موراد جەعفەربەیگی، سەمەد ڕەزاپەناە، عەلی سمساری، سامان سمساری، سەلاحەددین ئاغامحەممەدی، مێهران بەیرانوەند، مستەفا کەدخودایی، یوونس ئەحمەدی، قەدری نەزەری و حوسێن ئەحمەدوەند، کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» و تۆمەتی «پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان» لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی ئیسفەھان، قوم، ساری، یاسووج، مەلایێر و خوڕەمئاوا جێبەجێ کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۷ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۲۹ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بەناوەکانی بێهنام میرئەحمەدی خەڵکی فوولادشەهری ئیسفەهان و میلاد کیانی لە بەندیخانەی دەستگردی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بێهنام میرئەحمەدی پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و میلاد کیانی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات و لە هەمان ڕۆژدا، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بەناوەکانی کەماڵ ئەڵماسی، تەمەن ۳۸ ساڵ و خەڵکی ساوە، موراد جەعفەربەیگی، تەمەن ۳۱ ساڵ و خەڵکی قوم و سەمەد ڕەزاپەناە، تەمەن ۴۰ ساڵ و خەڵکی کەرەج لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم جێبەجێ کرا. کەماڵ ئەڵماسی لە سێ ساڵ پێشتر، موراد جەعفەربەیگی نزیکەی چوار ساڵ پێشتر و سەمەد ڕەزاپەناە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
لە لایەکی دیکەوە بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ۶ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۲۸ی سێپتەمبەر)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی ساری بەناوەکانی عەلی سمساری تەمەن ۲۹ ساڵ و سامان سمساری تەمەن ۲۶ ساڵ کە خزمی یەکتر بوون لە بەندیخانەی ناوەندیی ساری جێبەجێ کرا. بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەو دوو بەندکراوە پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی یەکێک لە هاوڕێکانیان کە موزاحیمی خوشکیان ببوو دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات و لە هەمان ڕۆژدا، سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بەناوی سەلاحەددین ئاغامحەممەدی، تەمەن ۴۰ ساڵ، خەڵکی یاسووج و باوکی یەک منداڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی یاسووج جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ۵ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۲۷ی سێپتەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی مێهران بەیرانوەند کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی خۆی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی مەلایێر سەر بە پارێزگای هەمەدان جێبەجێ کرا.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی مستەفا کەدخودایی، خەڵکی کرمان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان «هەڵگرتنی ماددەی ھۆشبەر» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی دەستگردی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.
هەر لەو بابەتەدا و لە هەمان ڕۆژدا سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی یوونس ئەحمەدی، خەڵکی کۆیەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان و بەندکراوێکی لوڕ بەناوی قودرەت نەزەری، خەڵکی خوڕەمئاوا لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا (بەندیخانەی پارسیلۆن) جێبەجێ کرا. یوونس ئەحمەدی شەش ساڵ پێش و قودرەت نەزەری هەشت ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ۲ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۲۴ی سێپتەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بەناوی حوسێن ئەحمەدوەند، تەمەن ۵۶ ساڵ و خەڵکی مەلایێر لە بەندیخانەی ناوەندیی مەلایێر جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی سەرتیپ دووەم مەحموود خوداداد کە ویستی دەستبەسەرکرانی تۆمەتباری هەبووە دەستبەسەر کرا و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
شایەنی باسە کە ئەو بەندکراوە بەهۆی کێشەی خێزانی منداڵە تەمەن ۲۲ ساڵانەکەی خۆی بە چەک کوشتبوو و منداڵە ۳۲ ساڵانەکەشی بریندار کردبوو. ناوبراو هەروەها ویستوویەتی هاوژینەکەی بکوژێت کە هێزە ئینتزامییەکان نەیانهێشتووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ۱۲ کەس لەو بەندکراوانە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە و تەنیا جێبەجێکردنی سزای سێدارەی حوسێن ئەحمەدوەند و بێ ئاماژە با ناسنامەی ناوبراو میدیایی کراوەتەوە.