مستەفا حەمدی، چالاکی بواری ڕاگەیاندن خەڵکی سەقز بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

٢٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:٠١

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

مستەفا حەمدی چالاکی مەدەنی و لە چالاکانی بواری ڕاگەیاندن و خەڵکی سەقز، دوای ٣٤ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١١ی مەی ٢٠٢٤)، مستەفا حەمدی چالاکی بواری ڕاگەیاندن و خەڵکی سەقز دوای تێپەڕینی ٣٤ ڕۆژ بەندکران بە بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شاری سنە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مستەفا حەمدی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی دەست پێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە "پڕوپاگەندە دژ بە نیزام" تۆمەتبار کراوە

مستەفا حەمدی بەڕێوەبەری کەناڵی "پرسمان"ی سەقز ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، لە تەلاری میلاد ئەم شارە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا.

ناوبراو، مانگی گەلاوێژی ساڵی ٢٧٢١ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقز سەرجەم سزای ٢ ساڵ بەندکران بە سەریدا سەپا کە ١٦ مانگی شیاوی جێبەجێکردن بوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە