ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکردن و لێدانی پێنج کۆڵبەر لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە

٢٤ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٢:٥٧

هەنگاو: دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

پێنج کۆڵبەری کە ناسنامەی سێ کەسیان بە ناوەکانی ئارین ڕەزاپوور، محەممەد نیزامی و ئارمان (ناوبانگی هێشتا ڕوون نەبووەتەوە) بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە، لە کاتی گەڕانەوەیان لە هەرێمی کوردستان، لە سنووری بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٢ی مەی ٢٠٢٤)، پێنج کۆڵبەر کە ناسنامەی سێ کەسیان بە ناوەکانی ئارین ڕەزاپوور، محەممەد نیزامی و ئارمان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و هەر سێ کەسیان خەڵکی شاری سەقزن، لە کاتی گەڕانەوەیان لە هەرێمی کوردستان و لە کاتێکدا دوو کەس لەو کۆڵبەرانە هیچ کۆڵێکیان پێ نەبووە، لە سنووری هەنگەژاڵی بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان دراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، دوای دەستبەسەرکردنی ئەو سێ کۆڵبەرە لە سنووری هەنگەژاڵی بانەوە، ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی "بوویین سەر بەو شارە کراون و سەرەڕای ئەوەش، بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان دراوە و بێڕێزییان پێ کراوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو کۆڵبەرانە لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە