میاندواو؛ دەستبەسەرکرانی زاهیر قوربانی دوای بە بارمتەگرتنی باوکی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
هاووڵاتییەکی کورد بەناوی زاهیر قوربانی، خەڵکی گوندی «گامێش گولی» سەر بە شاری میاندواو، پاش ئامادەبوون لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. دەستبەسەرکرانی زاهیر قوربانی دوای گوشاری ئەمنی و دەستبەسەرکردن و بە بارمتەگرتنی باوکی ناوبراو، لوقمان قوربانی، ئەنجام دراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی هەینی ۲۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۱۴ی ئاگۆست) بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی زاهیر قوربانی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی بنەماڵەی ناوبراو بەڵام بەهۆی لە ماڵ نەبوونی ئەو هاووڵاتییە، لوقمان قوربانی، باوکی ناوبراویان دەستبەسەر کردبوو و ڕایانگەیاندبوو تا کاتێک خۆی ڕادەست نەکات، باوکی ئازاد ناکرێت.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، دوای ئەوەیکە ڕۆژی یەکشەممە ۲۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۱۶ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، زاهیر قوربانی خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو کردووە، باوکی ئازاد کراوە.
زاهیر قوربانی دوای دەستبەسەرکران لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراوی خۆی، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. هێزە ئەمنییەکان و ناوەندە دادوەرییەکانی میاندواو تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران یان ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە نەداوەتەوە.