ئەلبورز؛ دەستبەسەرکردن و نادیاری چارەنووسی نیما مەندوومی، هونەرمەندی ژەنیاری کورد بە بیانووی پەیوەندی لەگەڵ هونەرمەندانی ئیسرائیلی
هەنگاو؛ شەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥
نیما مەندوومی، هونەرمەندی کورد و ژەنیاری ڤیۆلۆنی خەڵکی کامێران، لە ١٨ ڕۆژ پێش ئێستاوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئەلبورز دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.
دەستبەسەرکردنی نیما مەندوومی دوای هاوژەنی ناوبراو لەگەڵ گرووپێکی مۆسیقای ئیسرائیلی لە ئەرمەنستان، ئەنجام دراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیما مەندوومی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی کامێران، ١٨ ڕۆژی ڕابردووی بە بارودۆخێکی نادیار لە دەستبەسەریدا تێپەڕاندووە و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لەبەردەست دا نیە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان و نزیک لە بنەماڵەی نیما مەندوومی، ئەم هونەرمەندە گەنجە ماوەیەک پێش ئێستا لە کۆنسێرتێکی مۆسیقادا لە ئەرمەنستان، لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی ئیسرائیلی لە ڕێگەی هاوژەنییەوە، هاوکاریی هونەریی هەبووە.
ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی زیاد کردووە کە دایک و باوکی نیما لە ماوەی ڕابردوودا بۆ زانیاری وەرگرتن لە چارەنووسی کوڕەکەیان بەرەو تاران بەڕێ کەوتوون.
نیما مەندوومی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات لە پارێزگای ئەلبورز دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.