جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی خەڵکی کۆیەشت و نوور ئاوا لە بەندیخانەی قزڵحیسار

٢٦ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٥٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی مەزهەبیی کورد، سزای سێدارەی سێ بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی محەممەدکەریم فازڵی (گەڕاوەند)، سیرووس حەیات‌بینی و محەممەدڕەزا ڕەحیم‌پوور لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٥ی مەی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی محەممەد کەریم گەڕاوەند و سیرووس حەیات‌بینی بەندکراوانی خەڵکی کۆیەشت لەگەڵ محەممەدڕەزا ڕەحیم‌پوور خەڵکی نوورئاوای سەر بە پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

ئەو سێ بەندکراوە ڕۆژی ڕابردوو بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە گواستنەوەی ئەو بەندکراوانە بۆ ژووری تاکەکەسی و ئەگەری لە سێدارەدرانیان هۆشداری دابوو.

هەواڵی لە سێدارەدرانی ئەو سێ بەندکراوە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا نزیکەکان لە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە