بەرزبوونەوەی ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بۆ پێنج کەس

٥ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٢:٣١

هەنگاو؛ شەممە ۵ی ڕەزبەری ۲۷۲۵

بە ئاشکراکردنی ناسنامەی دوو بەندکراوی دیکە بەناوەکانی مەیسەم کەرەمی و جابر عەسگەری کە سزای سێدارەکەیان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە، ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لەو بەندیخانەیە بە پێنج کەس گەیشتووە. پێشتر ناسنامەی سێ بەندکراوی دیکە بەناوەکانی فەرشاد گەڕاوەند، ئەحمەدڕەزا گەڕاوەند و ئەمیر (ناوبانگ نادیار) ئاشکرا کرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۲ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۲۴ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بەناوەکانی مەیسەم کەرەمی خەڵکی کرماشان و جابر عەسگەری لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

پێشتر هەنگاو هەواڵی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی دیکە بەناوەکانی فەرشاد گەڕاوەند، ئەحمەڕەزا گەڕاوەند، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری کۆیەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان و بەندکراوێکی دیکە بەناوی ئەمیر (ناوبانگ نادیار) کە پێشتر لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو لە هەمان ڕۆژ و لەو بەندیخانەدا ڕاگەیاندبوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە