کوژرانی چوار هاووڵاتیی بەلووچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان

٢٦ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٧:١٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی هیرمەند و سەراوانی سیسیتان و بەلووچستان، دوو برا و باوکێک لەگەڵ منداڵەکەی کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٥ی مەی ٢٠٢٤)، بەلال نوسرەتی تەمەن ١٤ ساڵ، دوو ڕۆژ دوای پێکرانی بە گوللەی هێزە ئەمنییەکان لە سەراوان گیانی لەدەستدا.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە باوکی ئەو منداڵە، ئەسغەر گومشادزەهی تەمەن ٢٨ ساڵ، ئێوارەی دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٣ی مەی ٢٠٢٤)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا (پێژۆ پارس) دەستبەجێ گیانی لەدەستدابوو. هەروەها دوو ئەندامی دیکەی ئەو بنەماڵە بریتی لە منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵ و دایکی لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا بریندار کراون.

بەپێی نووسراوەی مالپەڕی حال وەش، چەند ئۆتۆمبێلی هێزە حکومەتییەکان کە لە چوارڕێیانی پۆست لە ناوەندی شاری سەراوان جێگیر کرابوون، ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییانەیان بەبێ هۆشداریی پێشوەخت و لە چەند لاوە داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە.

لە لایەکی دیکەوە، کۆتایییەکانی شەوی دووشەممە، دوو برا بەناوەکانی محەممەد سارانی تەمەن ٣٣ ساڵ و باوکی دوو منداڵ و غوڵام سارانی تەمەن ٣٨ ساڵ و باوکی چوار منداڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سنوورەوانیی کەندوو سەر بە شاری هیرمەند کوژراون.

هەروەها، برایەکی دیکەیان بەناوی نەبی سارانی تەمەن ٤٢ ساڵ و باوکی چوار منداڵ و هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی نەزیر درەخشانی لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەستداوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە