ڕاسک؛ کوژرانی دوو هاووڵاتیی بەلووچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران
هەنگاو؛ هەینی ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیک "جەکیگۆڕ" سەر بە شاری ڕاسک لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کرد و لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتیی بەلووچ بە ناوەکانی محەممەدئەکرەم ئەختەری و محەممەدئیسلام سەعیدی کوژران. میدیا حکوومەتییەکان بۆ پاساودانی کوشتنی ئەم دوو هاووڵاتییە مەدەنییە، ئەوانیان وەک ئەندامی "تیمێکی تیرۆریستی" ناساندووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢٣ی شەوی چوارشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢٢ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، هێزەکانی سوپای پاسداران لە سەر ڕێگای نزیک شاری جەکیگۆڕ، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و فەرمانی ڕاوەستان، ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکروزەریان دایە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی گوللە و لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتیی بەلووچ دەستبەجێ گیانیان لەدەست دا.
ناسنامەی ئەم دوو هاووڵاتییە محەممەدئەکرەم ئەختەری و محەممەدئیسلام سەعیدی، هەردووکیان خەڵکی گوندی "دارچووب" سەر بە ناوچەی سەرکۆری شاری سەرباز، پشتڕاست کراوەتەوە.
تەقەی هێزە حکوومەتییەکان بەبێ هیچ هۆشدارییەکی پێشوەختە بووە و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە بەهۆی بەرکوتنی چەندین گوللە گیانیان سپاردووە.
لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکان لەوانە ئاژانسی هەواڵی "فارس"، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە "تیمێکی تیرۆریستی"یان لە شاری ڕاسک کردووەتە ئامانج. ئەم بانگەشانە لەکاتێکدا دەکرێن کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر چەکداربوونی ئەم هاووڵاتییانە یان ڕوودانی شەڕ و پێکدادان بڵاو نەکراوەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی کوشتنی سیستماتیکی هاووڵاتییانی مەدەنیی بەلووچ، بەکارهێنانی ناونیشانی ئەمنی و تۆمەتی تیرۆریستی بۆ پاساودانی تەقە سەرەڕۆیانە و دەرەوەی یاساکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە سیاسەتێکی هەمیشەیی بۆ دەربازبوون لە بەرپرسیارێتی دەزانێت.