ئێرانشار؛ کوژرانی چوار هاووڵاتیی بەلووچ بە تەقەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات
هەنگاو؛ دووشەممە ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆ و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ناوچەی "سەرکەھۆران"ی ئێرانشار، چوار هاووڵاتیی بەلووچ بە ناوەکانی عەبدولحەلیم حەملی، ناسر حەملی (جەماڵزێهی)، ماجد حەملی (جەماڵزێهی) و مەنسوور جەماڵی کوژران. لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا، ئۆتۆمبێلی ئەم هاووڵاتییانە ئاگری گرتووە و تەرمەکانیان لە ناو ئاگرەکەدا سووتاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١١ی مەیی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری چوار هاووڵاتیی بەلووچیان لە ئێرانشار سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچێستان دایە بەر دەستڕێژی گوللە کە بووە هۆی کوژرانی دەستبەجێی هەر چوار هاووڵاتییەکە.
ناسنامەی ئەم چوار هاووڵاتییە کە هەموویان خێزاندار و باوک بوون، بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە: ١. عەبدولحەلیم حەملی، تەمەن ٥٠ ساڵ ٢. ناسر حەملی (جەماڵزێهی)، تەمەن ٤٣ ساڵ ٣. ماجد حەملی (جەماڵزێهی)، تەمەن ٤١ ساڵ ٤. مەنسوور جەماڵی، تەمەن ٣٠ ساڵ
حاڵوەش لەمبارەوە ڕایگەیاندوو کە، دوای هەڵدێران و ئاگرگرتنی ئۆتۆمبێلەکە، هێزە حکومەتییەکان جارێکی دیکە تەقەیان لە تەرمە نیوەسوتاوەکان کردووەتەوە تا لە کوژرانیان دڵنیا ببنەوە.
ئەم کارە نموونەی بەرچاوی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سەحرایی و پێشێلکردنی مافی ژیانە. تا ئەم کاتە ناوەندە حکوومەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بەم تاوانە نەداوە و ڕێگری دەکەن لە ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان بە بنەماڵەکانیان.