گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی بەلووچ کە یەکێکیان منداڵە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان

٩ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٠٩:٤٧

هەنگاو؛ دووشەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

دوو هاووڵاتیی بەلووچ بە ناوەکانی فەرامەرز شەهنەوازی، خەڵکی خاش و محەممەد ساسوولی منداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی هیرمەند سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی خۆیان لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، فەرامەرز شەهنەوازی تەمەن ٢٣ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی ئازادئاوای سەر بە شاری خاش بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکومەت گیانی لەدەست دا.

هاوکات محەممەد ساسوولی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵی دانیشتووی گوندی سنووریی ساسوولی سەر بە شاری هیرمەند دوای ٩ ڕۆژ بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە ئەنجامی پێکرانی بە گوللەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی حال وەش، هێزە ئینتزامییەکانی بنکەی ١١٩ی ناوچەی ڕوتەک سەر بە شاری خاش، بەبێ هۆشداریدان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی فەرامەرز شەهنەوازی کردووە و ناوبراویان کوشتووە.

ئەو هێزانە شوێنەکەیان جێ هێشتووە و دوای چەند کاتژمێر گەڕاونەتەوە سەر شوێنی ڕووداوەکە و پووکەی گوللەکانیان کۆ کردووەتەوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، محەممەد ساسوولی ڕۆژی شەممە ٣١ی خەرمانان لە کاتی سەردانی مەزراکانی باوکی لە نزیکیی دیواری سنووری کراوەتە ئامانجی گوللەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە