سەراوان؛ کوژرانی دوو تازە لاوی بەلووچ لەلایەن چەکدرانی ئێران
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٤
دوو هاووڵاتی تازە لاوی بەلووچی تەمەن ١٧ و ١٨ ساڵ بە ناوەکانی وەحید دەرزاهی و نەوید دەرزاهی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدراەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خاڵی سفری سنووری شاری سەراوان گیانیان لە دەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، دوو هاووڵاتی بەلووچ بە ناوەکانی وەحید دەرزاهی تەمەن ١٧ ساڵ و نەوید دەرزاهی تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی گوندی زیارەت سەر بە شارۆچکەی بێمپشت شاری سەراوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژران.
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە، ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ ئاودێریکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی خۆیان چوونەتە خاڵی سفری سنوور و لە کاتی گەڕانەوەیان، کەوتوونەتە بەر ئامانجی تەقەی ئەم هێزانە و بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە.