ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر تاهیر مەلەکشایی منداڵی ١٢ ساڵەی کورد کە لە بەشی ڕووخسارییەوە بە چەکی ساچمەیی بە سەختی بریندار بووە

٨ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ٠١:٤٨

هەنگاو؛ سێشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

تاهیر مەلەکشایی منداڵیی ١٢ ساڵەی کورد و خەڵکی قوروە کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە بەشی ڕووخسار و چاوەکانی بە سەختی بریندار بووبوو و یەکێک لە چاوەکانی بەتاڵ کراوە، ئێستا لە ناوەندە دەرمانییەکانی تاران لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە و ناوەندە حکوومەتییەکان بە گوشار خستنە سەر بنەماڵەی، داواکاری ئەوەن کە ڕایبگەیەنن تاهیر لە لایەن تێرۆریستەکانەوە بریندار کراوە تا ناوبراو وەک جانباز وەربگرن.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، تاهیر مەلەکشایی، منداڵی ١٢ ساڵەی کورد و دانیشتووی قوروە و منداڵی سەجاد مەلەکشایی (بەندکراویی سیاسیی پێشووی کورد)، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار لە یەکێک لە گەڕەکەکانی بەرانبەر تاقیگەی ڕازی شاری قوروە، کەوتە بەر ئامانجی هێریشی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان.

بە پێی شایەدی یەکێک لە خزمە نزیکەکان و شایەدحاڵان، تاهیر کە بە تەنیایی لە گەڕەکەکەدا بووە و لە کۆبوونەوەی خەڵکی دوورتر بووە، لە ترسی هێرشی هێزە ئەمنییەکان پەنا بۆ پشت ئۆتۆمبێلێک دەبات. تاهیر پاش ناسینەوە و بردنە سەرەوەی دەستەکانی بۆ پێش ڕووخساری بە نیشانەی خۆ بە دەستەوەدان، لە مەودای یەک مەتری کرایە ئامانجی فیشەکی ساچمەیی و هاوکات لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە کەوتووەتە بەر توندووتیژی و لێدانەوە.

بە پێی وتەی شایەد حاڵان چەندین جار بۆ لای تاهیر بە چەکی شاتگان تەقە کراوە و لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ ساچمە لە ڕووخساری ناوبراو ماوەتەوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان کردەوە کە ئەم منداڵە ١٢ ساڵە، سەرەتا لە قوروە نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام بە هۆی بێتوانایی پزیشکەکان لە گەڕانەوەی توانای بینینی تاهیر، ڕەوانەی تاران دەکرێت. ناوبراو لە نەخۆشخانەی نووری تاران نەشتەرگەریی کراوە، بەڵام چاوی چەپی بە تەواویی لەدەست داوە و پزیشکەکان ناچار کراون چاوی بەتاڵ بکەن

بە هەوڵی پزیشکەکان بینایی چاویی ڕاستی تاهیر تا ٣٠٪ گەڕاوەتەوە.

وێنەی پۆست کراو، ئاسەواری بەرکەوتنی دەیان ساچمە، ڕەش بوونەوەی سەختی دەور چاوەکان و برینداریی بەرینی ڕووخساریی ئەم منداڵە بە ڕوونی دەردەخات.

سەرچاوەکانی نزیک بە بنەماڵەکەی ڕایانگەیاند، ئەم بنەماڵە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش بڵاو بوونەوەی وێنەی جەستە و دۆخی چاوەکانی تاهیر لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسداران لە قوروە هەڕەشەیان لێکراوە و پێشنیاریان کردووە بەم بنەماڵە کە ئەگەر بڵاوی کەنەوە تاهیر لە لایەن تێرۆریستەکانەوە بریندار کراوە، ئەم منداكە وەک جانباز دەناسێنن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە