ڕاپۆرتێک لەسەر مستەفا حوسێنپوور بەندکراوی سیاسی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ڕاگیراوە

٢٦ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٨:٢٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

مستەفا حوسێنپوور هاووڵاتیی کورد و خەڵکی نەغەدە کە لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، سزای پێنج ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستاش لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە خەریکی تێپەڕینی ماوەی سزاکەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، مستەفا حوسێنپوور لاوی ٢٦ ساڵ و خەڵکی نەغەدە، لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا، لەلایەن دادگای شۆڕشی نەغەدە سزای پێنج ساڵ و ٦ مانگ بەندکران بە سەریدا سەپێنراوە.

بە وتەی سەرچاوەیک نزیک لە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە، مستەفا حوسێنپوور لە کاتی دەستبەسەری و ڕاگرتنی لە بەندیخانەی نەغەدە، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژ بە حکوومەت، هاندانی خەڵک بە کوژران و تێکدانی ئاسایشی وڵات و ئەندامەتی لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران» لەلایەن دادگای شۆڕشی نەغەدە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەیوان نەوبەخت" سزای پێنج ساڵ و ٦ مانگ بەندکران بە سەریدا سەپێنراوە.

مستەفا حوسێنپوور، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٨ی جولایی ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری نەغەدە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی نەغەدە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوسترابوو.

تا ئێستا کە ١١ مانگ بە سەر دەستبەسەرکران و سەپێندرانی سزاکەی تێدەپەڕێت، تەنیا دوو جار بۆ مەرەخەسی نێردراوە و لە ئێستاشدا بە فەرمانی ئیتلاعاتی سوپای پارێزگای ئورمیە، لە مافی مەرەخەسی بێبەش کراوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم بەندکراوە بەهۆی چالاکی و ڕەخنەگرتنی لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی پارێزەر بێبەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە