بانە؛ کوژرانی کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

٢٧ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٣:٠٨

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لاوێکی کۆڵبەر خەڵکی سەقز بە ناوی واحید قادرپوور لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژرا. بە لەبەر چاوگرتنی ئەم حاڵەتە لە سەرەتای ئەمساڵی زایینیەوە هەر مانگ سێ کۆڵبەر لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٦ی مەی ٢٠٢٤)، لاوێکی کۆڵبەر بە ناوی واحید قادرپوور خەڵکی گوندی "دەرە زیارەت" سەر بە شاری سەقز، لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێگر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بەبێ هۆشداریی پێشوەخت بە چەکی کڵاشینکۆف ئەم کۆڵبەرەیان داوتە بەر دەستڕێژی گوللە و کوشتویانە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندیی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، واحید قادرپوور دوازدەیەمین کۆڵبەرێکە کە لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە (٢٠٢٤) (لە ماوەی ١٣٧ ڕۆژ بەرامبەر لەگەڵ ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ) لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکوژرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە