دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی دوو هاووڵاتیی خەڵکی پاوە

٢٧ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢١:٤٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پاوە بە ناوەکانی سوهەیب ئیقباڵی و ئاروین ئیقباڵی، ١٠ ڕۆژ پێش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکران و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی دوو گەنجی خەڵکی پاوە بە ناوەکانی سوهەیب ئیقباڵی تەمەن ٣١ ساڵ و ئاروین ئیقباڵی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان نادیارە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەم بارەوە بێ ئەنجام بووە

بە وتەی سەرچاوەیکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئیقباڵی، ئەم دوو گەنجە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٧ی مەی ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەیان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری کرماشان گواسترانەتەوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵیان لە بەردەستدا نییە و هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە بنەماڵەکانی خۆیانەوە نەگرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە