جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنێک لە نەیشابوور، ١٠ ژن لە ماوەی کەمتر لە ٥ مانگ لە سێدارە دراون

٢٩ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٠٩:٥١

هەنگاو؛ شەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی ژنی خەڵکی نەیشابوور سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بە ناوی فاتمە عەبدوڵڵاهی، ژمارەی ژنانی لە سێدارە دراو لە سەرەتای ساڵی زایینییەوە (کەمتر لە ٥ مانگ) لە بەندیخانەکانی ئێران گەیشتە ١٠ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٨ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ژنێک بەناوی فاتمە عەبدوڵڵاهی تەمەن ٢٧ ساڵ بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەیشابوور جێبەجێ کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فاتمە عەبدوڵڵاهی سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاوژینەکەی دەستبەسەر کرابوو و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ (کەمتر لە ٥ مانگ) لانی کەم سزای سێدارەی ١٠ ژن لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێ کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە