جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سدیقە قوربانی، بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە
هەنگاو؛ شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی بەندکراوێکی ژن بە ناوی سدیقە قوربانی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا. ناوبراو بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی سدیقە قوربانی، ژنێکی ٢٩ ساڵەی کورد و نیشتەجێی گوندی گۆگتەپەی سەر بە ناوچەی تاناکاریی ئورمیە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارەدا جێبەجێ کرا.
سەرۆکی گشتیی دادوەریی ئورمیە بەبێ ئاماژەدان بە ناسنامەی ئەم ژنە هەواڵی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدانی سدیقە قوربانی ڕاگەیاندووە.
سدیقە قوربانی لە دوو ساڵ پێش ئێستاوە بە تۆمەتی کوشتنی ئاوا قەهرەمانی، کچەزڕی خۆی دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.
شایانی باسە، ئاوا قەهرەمانی، تەمەن چوار ساڵ، کچی عومەر و مینا حسێنزادە و خەڵکی ناوچەی قوتوولی خۆی، دوای لێدانی توند و زۆر لەلایەن زڕدایکیەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی موتەهەریی ئورمیە و دوای ١١ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاودێریی چڕ، بە هۆی خوێنبەربوونی زۆری مێشک گیانی لەدەست دا.