ئیسفەهان؛ سەپاندنی سزای ٧٥ ساڵ بەندکران بەسەر پازدە ژنی بەهایی
هەنگاو؛ شەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
پازدە هاووڵاتیی ژنی پەیڕەوی ئایینی بەهایی و دانیشتووی ئیسفەهان، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر یەک سزای پێنج ساڵ و سەرجەم سزای ٧٥ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی پارە و بێبەشکردنە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئازیتا ڕەزوانیخاە، شۆعلە ئاشووری، موژدە بەهامین، بۆشرا موتەهیر، سارا شەکیب، سەمیرا شەکیب، ڕۆیا ئازادخۆش، نووشین هێممەت، شوورئەنگیز بەهامین، ساناز ڕاستە، مەریەم خورسەندی، فیرووزە ڕاستینژاد، فەرخوندە ڕەزوانپەی، موژگان پوورشەفیع ئەردەستانی و نەسرین خادمی قەهقەرەخی، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسفەهان بە تۆمەتی "چالاکیی فێرکاری و پڕۆپاگەندەی دژ بە ئیسلام" سەرجەم سزای ٧٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها، هەریەک لەو هاووڵاتییانەی پەیڕەوی ئایینی بەهایی، سزای پێدانی بڕی پارەی ٥٠ ملیۆن تمەن، و سەرجەم ٧٥٠ ملیۆن تمەن و قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە وڵات و هەروەها بێبەشکردنە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا سەپێندرا.
پێشتر واتە ساڵی ٢٧٢١ ئازیتا ڕەزوانیخاە، شۆعلە ئاشووری، سارا شەکیب، ڕۆیا ئازادخۆش، نووشین هێممەت، شوورئەنگیز بەهامین، ساناز ڕاستە، مەریەم خۆرسەندی، فیرووزە خادمی قەهقەرەخی دەستبەسەر و دواتر بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان ئازاد کران.
هەروەها پێشتر ماڵی موژدە بەهامین، بۆشرا مۆتەهەری، سەمیرا شەکیب و فەرخوندە ڕەزوانپەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پشکنینیان بۆ کراوە.