ئیسفەهان؛ دە چالاکی ژنی بەهایی سەرجەم سزای ٩٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا

٢٩ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢١:١٤

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

دە هاووڵاتیی ژنی بەهایی دانیشتووی شاری ئیسفەهان بە ناوەکانی شانا شەوقی فەر، نگین خادێمی، نێدا عێمادی، نێدا بەدەخش، ئارەزوو سوبحانیان، یەگانە ڕووح بەخش، موژگان شاهڕەزایی، پەرەستوو حەکیم، یەگانە ئاگاهی و بەهارە لوتفی لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە کۆی گشتی بە سزای ٩٠ ساڵ بەندکران و سزای تەواوکەری دیکە مەحکووم کران.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە دواییانەدا لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسفەهان هەر یەک نگین خادێمی تەمەن ٣٤ ساڵ، شانا شەوقی فەر تەمەن ٢٧ ساڵ، یەگانە ئاگاهی تەمەن ٣١ ساڵ، پەرەستوو حەکیم تەمەن ٤٧ ساڵ، موژگان شاهڕەزایی تەمەن ٣٢ ساڵ، یەگانە ڕووح بەخش تەمەن ١٩ ساڵ، ئارەزوو سوبحانیان تەمەن ٤٨ ساڵ و نێدا بەدەخش تەمەن ٦٠ ساڵ بە سزای ١٠ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی ١٠٠ ملیۆن تمەن و بەهارە لوتفی تەمەن ٢٧ ساڵ و نێدا عێمادی تەمەن ٤٢ ساڵ هەر یەک بە سزای ٥ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی ٥٠ ملیۆن تمەن مەحکووم کران.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەم سزایە بە هۆی ئەمنییەتیبوونی دادنامە ڕاستەوخۆ بە هەر یەک لەم هاووڵاتییە بەهاییانە ڕاگەیێندراوە و وەکوو سزای تەواوکەری هەر یەک لەم ١٠ کەسە بە سزای قەدەغەکردنی دەرچوون و قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەحکووم کراون.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندوو کە هەر یەک لەم دە هاووڵاتییە بەهاییانە ڕووبەڕووی دوو تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" و "چالاکی تەبلیغی و پەروەردەیی پێچەوانەی شەرعی ئیسلام" بوونەتەوە. هەروەها نموونەی تۆمەتەکانی وەک بەڕێوەبردنی پۆلی زمان، یۆگا، گەشتیاری، مۆسیقا، نیگارکێشی و فێربوونی زمان بۆ منداڵان خراوەتە ڕوو.

شایانی باسە کە، ئەم هاووڵاتییانە ڕۆژی ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و هەر یەک لەمانە بە شێوەیەکی جیا لە ماوەی دوو مانگدا، بە دانانی بارمتە تا کاتی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە