کرماشان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر داسەپاندنی سزای ٢٠ ساڵ بەندکران بەسەر هەشت چالاکی مەزهەبیی کورد

هەنگاو؛ هەینی ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٥
هەشت چالاکی ئایینیی کورد بە ناوەکانی یاسین ئەعزەمی، موعین خودادادی، یاسین شاسواری، فەرید مورادی و یاسین ڕەمەزانیزادە، هاووڵاتییانی خەڵکی جوانڕۆ و هێمن پاڵانی، عیرفان مورادی و پەیمان بابایی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بیست ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤیی هەنگاو، هەریەک لە یاسین ئەعزەمی ٢٧ ساڵ، موعین خودادادی ٢٥ ساڵ، یاسین شاسواری ٣٠ ساڵ، فەرید مورادی ٢٩ساڵ و یاسین ڕەمەزانیزادە ٢٩ ساڵ، هاووڵاتییانی خەڵکی جوانڕۆ و هێمن پاڵانی ٢٨ ساڵ و عیرفان مورادی٢٣ ساڵ و پەیمان بابایی ٣١ ساڵ، خەڵکی سەرپێڵی زەهاو لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشان بە تۆمەتی «ئەندامێتیی لە گرووپە دژبەرەکان» سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و پێکەوە سەرجەم سزای ٢٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە، ئەم سزایانە پاش داوای پێداچوونەوە لە لایەن تۆمەتبارانەوە، دۆسیەکە لە لایەن لقی ١٤ی دادگای پێداچوونەوەی کرماشان بە سەرۆکایەتیی نەوید سەحرایی وەک خۆی پەسند کراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم داوییانەدا یاسین ئەعزەمی، موعین خودادادی، یاسین شاسواری، فەرید مورادی و یاسین ڕەمەزانیزادە، هێمن پاڵانی، عێرفان مورادی و پەیمان بابایی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانیان بۆ لقی بەڕێوەبردنی سزا بانگ کراون.
ئەو هەشت چالاکە ئایینییە لە ساڵی ٢٧٢١ لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیر و پاش دوو مانگ دەستبەسەری لە گرتنگەی مەیدانی نەوتی کرماشان لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتاییهاتنی ڕەوتی دادڕەسی لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.