ڕەشت؛ دوو ژنی بەهایی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤
دوو هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی ڕەشت بە ناوەکانی شیوا کاشانینژاد و موژگان سەمیمی لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەر یەکیان سزای دوو ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران و سزای تەواوکەر بە سەریاندا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا شیوا کاشانینژاد و موژگان سەمیمی بە تۆمەتی "چالاکی فێرکاری و بانگەشەی پەیوەندیدار بە ئایینی بەهایی" لەلایەن لەقی ٣ی دادگای شۆڕشی ڕەشت بە سەرۆکایەتی دادوەر "مەهدی ڕاسخی" هەر کامەیان سزای دوو ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران بە سەریاندا سەپاوە.
هەروەها ئەم دوو هاووڵاتییە بەپێی سزای تەواوکەر بە پێبژاردنی بڕی ٨٠ ملیۆن و ١٠ هەزار تمەن غەرامە و بێبەش بوون لە مافی کۆمەڵایەتیی خۆیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ و یەک ڕۆژ سزا دراون. ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژ بە پارێزەرانی ئەم دوو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.
موژگان سەمیمی و شیوا کاشانینژاد ڕەزبەڕی ساڵی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرابوون. ئەم هێزانە لەکاتی دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە دەستیان داوبووە پشکنینی ماڵەکەی و دەستیان بەسەر کەلوپەلی تاکەکەسی ئەندامانی بنەماڵە بریتی لە مۆبایل، کتێب و تەنانەت کتێبی چیرۆکی منداڵانیش، گردبوو.
شایانی باسە کە، جۆزەردانی ساڵی ڕابردووش کوڕ و زاوای شیوا کاشانینژاد، ئانیسا سەمیعیان و وەساڵ مومتازی بەهۆی باوەڕمەندیان بە ئایینی بەهایی لەلایەن مەهدی ڕاسخی سزای ٩ ساڵ و ٦ مانگ بە سەریاندا سەپێنرابوو.