میاندواو؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی دوو هاووڵاتی کورد

٢٩ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:٠٨

هەنگاو؛ شەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

ئومێد ڕۆستەمی و فەرزین ڕۆستەمی، دوو هاووڵاتیی لاوی کورد و خەڵکی شاری میاندواو، لە سەرەتای مانگی بانەمەڕەوە بە هۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و تاکوو ئێستاش دەستبەسەرن و چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئومێد ڕۆستەمی تەمەن ٣٠ ساڵ و فەرزین ڕۆستەمی تەمەن ٢٢ ساڵ، هەر دوو خەڵکی گوندی عەسگەرئاباد سەر بە شاری میاندواو، ماوەی ٢٧ ڕۆژی ڕابردوویان لە دەستبەسەرگە بەسەر بردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی ڕێکخستنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و بەشداری کردنیان لەم ڕێوڕەسمەدا، ڕوویداوە.

ئومێد و فەرزین ڕۆستەمی، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢١ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و دوای ماوەیەک بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری میاندواو گواستراونەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە