تیکاب؛ دەستبەسەرکرانی مامۆستا سەید ئەحمەد ئەحمەدیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

١٤ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٢:١٦

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

مامۆستا سەید ئەحمەد ئەحمەدیان چالاکی مەزهەبیی کورد و پێشنوێژی یەکێک لە گوندەکانی تیکاب، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژەکانی ڕابردوو، سەید ئەحمەد ئەحمەدیان، لە چالاکانی مەزهەبیی خەڵکی سەلاس باوەجانی و پێشنوێژی گوندی ئەحمەدئاوا سەر بە شاری تیکاب لە سێ ڕای تەختی سولەیمانی ئەم شارە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە، نزیک ١٥ ئۆتۆمبێل لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و دوای پشکنینی ماڵەکەی و دەست بەسەرداگرتنی کەلوپەلی تاکەکەسی ئەم هاووڵاتییە، هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ناوبراو کردووە کە دەبێت لە یەکەم دەرفەتدا گوندەکە بەجێ بهێڵن.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەک ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم چالاکە مەزهەبییە لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە