سەردەشت؛ کۆڵبەرێک بە کەوتنە نێو ڕووبارێک لە کاتی ڕاوەدوونانی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە گیانی لەدەستدا

١٤ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٣:٠٣

هەنگاو؛ دووشەممە ١٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بەنێوی ڕەحیم ئیبراهیمی، لە کاتی ڕاوەدوونان و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرزایییە سنوورییەکانی شاری سەردەشت، کەوتووەتە نێو ئاوی ڕووبارێک و گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٣١ی مەی ٢٠٢٤)، ڕەحیم ئیبراهیمی، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی گوندی "وەڵیو" سەر بە شاری سەردەشت و باوکی سێ منداڵ، لە کاتی ڕاوەدوونان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و دوای بەربوونەوەی بۆ نێو ئاوی ڕووبارێک لە بەرزایییەکانی چیای قەندیل گیانی لەدەستدا.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، تەرمی ئەو کۆڵبەرە کە لەگەڵ لێشاوی ئاوی ڕووبارەکە جووڵەی کردبوو، دوای ٢٤ کاتژمێر واتە ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی جۆزەردان، بە هەوڵی گرووپێک لە خەڵکی ناوچەکە لە نزیکیی پەروەردەکردنی ماسیی "خدراوێ" دۆزراوەتەوە و بۆ پزیشکی دادوەریی سەردەشت گواستراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە