ئورمیە؛ گیانلەدەستدانی سیامەند حەسەنپوور چەند ڕۆژ دوای برینداربوونی

٢٢ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢١:٠٩

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی سیامەند حەسەنپوور کە پێشتر بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی قەندیل بریندار ببوو، دوای چەند ڕۆژ خەوێندران لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سیامەند حەسەنپوور، کۆڵبەری تەمەن ٣٧ ساڵی خەڵکی گوندی "ئەسپەمێزە"ی سەر بە شاری سەردەشت لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئورمیە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سیامەند حەسەنپوور حەفتەی ڕابردوو لە ناوچەی سنووریی قەندیل، لە کاتی ڕاوەدوونانی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران و هەوڵدانی بەمەبەستی ڕزگاری لە دەستی ئەو هێزانە، بەهۆی بەربوونەوە تووشی زەربەی سەخت لە بەشی مێشکی ببوو و چووبووە کۆما.

شایانی باسە کە، سیامەند حەسەنپوور خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە