سەردەشت؛ کوژران و برینداربوونی چوار کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران

٢٦ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٥٧

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

لە ڕەوتی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ژمارەیەک کۆڵبەر، لە مەودای نزیک و لە بەرزاییەکانی چیای قەندیل، کۆڵبەرێک بەناوی کیان زەینی تەمەن ١٩ ساڵ دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و لانی کەم ٣ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٦ی جولای ٢٠٢٤)، هێزەکانی سوپای پاسداران لە بەرزاییەکانی چیای قەندیل، لە مەودای نزیکەوە ژمارەیەک کۆڵبەریان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کۆڵبەرێکی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی سەردەشت بەناوی کیان زەینی کوژراوە.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، دوو برای کۆڵبەر بەناوەکانی کەیوان قادری و پەیمان قادری لەگەڵ کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی دیار (ناوبانگ نادیار) بە سەختی بریندار کراون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

ئەو کۆڵبەرانە خەڵکی گوندی "ڕەشەهەرمێ" سەر بە شاری سەردەشت بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە