سەردەشت، کوژرانی کۆڵبەرێکی گەنج بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان

٢١ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٢:١٥

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی گەنج خەڵکی شاری مەهاباد، بە ناوی عەلی ڕەسووڵی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، عەلی ڕەسووڵی تەمەن ٣٣ساڵە و خەڵکی گوندی کووران سەر بە شاری مەهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سەر سنووری دوپلوورەی سەردەشت کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە گەنجە بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە لایەن هێزە چەکدارەکان تەقەی لێ کراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

عەلی ڕەسووڵی خێزاندار و باوکی منداڵێک بووە. ئەو کۆڵبەرە گەنجەی خەڵکی شاری مەهاباد لەم دواییانەدا دانیشتووی شاری نەڵاسی سەر بە سەردەشت بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە