سنووری مەریوان؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

١٥ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٠٩:٥٤

هەنگاو؛ سێشەممە ١٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

ڕۆژی ڕابردوو کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بەنێوی موزەفەر ئەسەدرۆخ لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار کراوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی فەجری ئەو شارە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٣ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران جێگیر لە سنووری ساوجی مەریوان لە دەستەیەک لە کۆڵبەران، کۆڵبەرێکی تەمەن ٤٤ ساڵ بەنێوی موزەفەر ئەسەدرۆخ بە سەختی بریندار کراوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، موزەفەر ئەسەدرۆخ لە بەشی پێ بە سەختی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی فەجری مەریوان گواستراوەتەوە و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

موزەفەر ئەسەدرۆخ خەڵکی گوندی "چاوگ" سەر بە شاری مەریوان، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە