برینداربوونی کۆڵبەرێک لە سنووری مەریوان

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٠٩:٤٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی مەریوان بەناوی یاسین ڕاستخانە لە کاتی کۆڵبەری لە یەکێک لە خاڵە سنوورییەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەختی بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٣ی جولای ٢٠٢٤)، هێزە چەکدارەکانی ئێران جێگیر لە سنووری "دووپلوورە" ژمارەیەک کۆڵبەریان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانەدا کۆڵبەرێک بەناوی یاسین ڕاستخانە تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی گوندی دووپلوورە بە سەختی بریندار کراوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، یاسین ڕاستخانە لاقی بریندار بووە و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانە بوعەلی مەریوان گواستراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە