کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە مەریوان

١١ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٠:٥٨

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی مەریوان بە ناوی ئەسعەد ئەفرەنجە تەمەن ٢٥ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرزاییە سنوورییەکانی ئەو شارە کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣٠ خولەکی بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، ئەسعەد ئەفرەنجە، خەڵکی گوندی "سیاناو" سەر بە شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەسعەد ئەفرەنجە کە باوکی منداڵێکی بچووکە لە مەودای ١٠ کیلۆمەتریی سنوور و لە نزیکیی گوندی ئەسکۆڵ بە گوللەی ئەو هێزانە پێکراوە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولایدا، لانی کەم ٥ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی نەوسوود، مەریوان، بانە و سەردەشت کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە