ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر کۆڕبەندی ئازادی ئۆسلۆ

١٦ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٢:٠٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کۆڕبەندی ساڵانەی ئازادی ئۆسلۆ بەڕێوەچوو و کۆڕبەندەکە تیشکی خستە سەر تەوەری ‘وەرگرتنەوە/ زیندووکردنەوەی دیموکراسی». ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەفەرمی بانگهێشتی ئەم کۆڕبەندە کرابوو و شلێر باپیری ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی هەنگاو و ئەسعەد فەتاحی یەکێک لەهاوکارانی هەنگاو بەشداری کۆڕبەندەکەیان کرد.

کۆڕبەندی ئەمساڵ کە لە ڕۆژانی ٣ هەتا ٥ی مانگی ژوئەن و بە بەشداری داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، تەکنەلۆژیستەکان، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و کەسایەتیە سیاسییەکانی جیهان بەڕێوە چوو، لە چالاکییەکانیدا هەوڵیدا کە بەرەوڕووی ڕەوتی بەرزبوونەوەی پاوانخوازی لە جیهان بێتەوە و چەندین کەسایەتی دیار لە ئاستی جیهاندا باسەکانی خۆیان لەوبارەوە پێشکەش کرد.

لە ڕۆژی یەکەمی کۆڕبەندی ئازادی ئۆسلۆ، تیشک خرایە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق، فەلەستین، ڤەنزوێلا، کۆریای باکوور و هەروەها ئێران. لە دواین بەشی ڕۆژی یەکەم دێباتێکی یەک کاتژمێری بۆ باسکردن لە دۆخی غەزە و ئیسرائیل بەبەشداری وەزیری دەرەوەی نۆروێژ و شرۆڤەکارانی سیاسی بەرێوەچوو.

ڕۆژی دووەمی کۆڕبەندی ئۆسلۆ بە باسکردن لە دۆخی مافی مرۆڤ و بەربەستەکانی دیموکراسی لە هۆنگ کۆنگ، دۆخی مسوڵمانەکان لە هیندستان، ئازەربایجان، ڕوسیا، ئۆکراین و هەروەها مافی LGBT ییەکان لە لوبنان تەرخان کرابوو.

لە بەشی دووەمی ڕۆژی دووەمی کۆڕبەندی ئازادی ئۆسلۆ خەڵاتی ساڵانەی هاڤێل دابەشکرا. توماج ساڵحی ڕاپەری ئێرانی خەڵاتی ساڵانەی هاڤێلی پێ بەخشرا، هاوکات دوو چالاکوانی تریش خەڵاتی ساڵانەی هاڤێلیان پێ بەخشرا کە بریتی بوون لە «تاهیر هاموت ئیزگیل» چالاکوان، شاعیر و فیلمسازی ئۆیغوری و هەروەها «گابریەلا مونێرۆ» پیانیست و ئاوازدانەری ڤەنزوێلایی.

ڕۆژی سێیەمی کۆڕبەندەکە بەسەر چەند تەوەری جیاواز لەوانە دامەزراندن و بەرێوەبردنی حکومەتی دێموکراتیک لە دیاسپۆرا، توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان، هەروەها بابەتەکانی وەک ژینگە، دیموکراسی و تەندروستی دەروونی دابەشکرابوون.

کۆڕبەندی ئازادی ئۆسلۆ تێکەڵەیەک لە وتاردان، ئەزمونی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان، گفتوگۆی پانێڵ، وۆرکشۆپ و دەیبەیتە. دانیشتنە دیارەکان بریتی بوون لە پاراستنی دیموکراسی و برەوپێدان بە دیموکراسی، ئازادی ماف و ڕادەربڕین، گفتوگۆکردن لەسەر بارمتەگرتنی تاکڕەوانە، هەروەها ڕێڕەوی تایبەتمەند هەبوون، وەک ڕێڕەوی ئازادی دارایی، کە تێیدا گرنگی بە بەرەنگاربوونەوەی سەرکوتی دارایی لەلایەن ڕژێمە تاکڕەوەکانەوە دەدرا.

هەروەها کۆڕبەندی ئەمساڵ جەختی لەسەر گرنگی هەوڵە بنەڕەتییەکان و ستراتیژییە داهێنەرەکان کردەوە لە خەبات بۆ دیموکراسی، دابینکردنی ئامراز و زانیاری بۆ بەشداربووان بۆ پێشخستنی کاری داکۆکیکردنیان لە ئازادی و دیموکراسی.

جێگای ئاماژەیە کە شلێر باپیری و ئەسعەد فەتاحی ئەندامانی هەنگاو وێڕای بەشداری لەم کۆڕبەندەدا، و لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا لەگەڵ نوێنەرانی چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆڤی دانیشتنیان هەبووە و بیروڕایان گۆڕیوەتەوە و لەسەر پەیوەندی زیاتر پێداگرییان کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە