شیکارییەک لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران؛ سێمیناری تایبەتی هەنگاو لە ئۆسلۆ

١٢ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١٦:٣١

هەنگاو؛ سێشەممە ١۲ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵

سێمیناری تایبەتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، بە گرنگیدان بە چەوساندنەوەی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە، کەمینە مەزهەبییەکان و کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان، ڕۆژی شەممە ۹ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۲۹ی مارسی ۲۰۲۵) لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

ئەو دانیشتنە کە بە سێ زمانی ئینگلیزی، نۆروێژی و کوردی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی چەند ڕێکخراوی مافی مرۆڤی و حیزبی سیاسی بەڕێوە چوو، بریتی لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی شیکاری، وتاری پسپۆڕی و کۆڕێک بۆ وتووێژ لەسەر سیاسەتە چەوسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە کەمینەکان بوو.

 

لێکۆڵینەوەی بارودۆخی چەوساندنەوەی کەمینە مەزهەبی، نەتەوەیی و پێکهاتەکان

لە بەشی سەرەتایی ئەو سێمینارەدا، وتاربێژان باسیان لە ڕێکخراوەییبوونی هەڵاواردن لە ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر کەمینە مەزهەبی، نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان کرد.

شلێر باپیری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەنگاو، لە وتاری دەستپێک، بە جەختکردنەوە لەسەر خراپیی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئاماژەی بە ڕۆڵی هەڵاواردنی ڕێکخراوانە لە چەوساندنەوەی کەمینەکاندا کرد. شلێر باپیری بە پێداگری لەسەر گرینگیی بەڵگەمەندکردن، داوای لە کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە بەمەبەستی ڕەنگدانەوەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئاشکراکردنی سیاسەتە چەوسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕن.

سیروان قادرزادە، یەک لە ئەندامانی هەنگاو، لە وتارەکەی خۆی باسی لەسەر شێوازە یاساییەکانی سەرکوتکردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و شرۆڤەی کرد کە یاساکانی ئێران بوون بە ئامرازێک بۆ شەرعییەتدان بە چەوساندنەوەی دژبەران، چالاکان و کەمینەکان. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە چەوساندنەوەی زیاتری کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان و کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەکان کرد و کوتی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکی ئەو دەستانە بە چەوساندنەوەی ڕێکخراوانە، دەستبەسەرکران و لەسێدارەدران وەڵام دەدرێتەوە.

لە درێژەی ئەو سێمینارەدا، ئەسعەد فەتاحی، ئەندامی بەرپرسی دەستەی بەڕێوەبەریی هەنگاو، ڕاپۆرتێکی شیکاری لەسەر ئاماری دەستبەسەرکرانەکان، لەسێدارەدرانەکان و مەرگە گوماناوییەکان لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۴ی زایینی پێشکەش کرد. ناوبراو ئەو ئامارەی بەپێی جیاکردنەوەی کەمینە نەوەیی و پێکهاتەکان و کەمینە مەزهەبییەکان شی کردەوە و نیشانی دا کە چەوساندنەوە لەو ناوچانە بەراورد بە جاران زیاتر بووە.

 

چەوساندنەوەی دووقاتی کەمینە ڕەگەزی و سێکسییەکان لە ئێران

یەک لە بابەتە تەوەرییەکانی سێمینار، بارودۆخی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەکان لە ئێران و پێشێلکردنی ڕێکخراوانەی مافەکانی ئەو کۆمەڵگایە بوو.

مینا خانی، ئەندامی هەنگاو، لە وتارەکەی خۆی بە ناوی «بوونی LGBTQ لە ئێران: یاسا، کۆمەڵگا و بەرخۆدان بۆ مانەوە»، باسی لەسەر سیاسەتە چەوسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەکان کرد. ناوبراو شرۆڤەی کردەوە کە بە چ شێوازێک بەسزاناساندنی ناسنامە، بە نەخۆشی ناساندن و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی پەلکەزێڕینەکان و سڕینەوەیان لە کۆمەڵگا، سێ بەشی سەرەکیی چەوساندنەوەی ئەو کۆمەڵگا لە ئێران پێکدێنن.

 

ڕۆڵی بەڵگەمەندکردن لە ئاشکراکردنی پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ

ژیلا مۆستەئجێر، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی هەنگاو، لە بەشی دواتری سێمینارەکە باسی لە گرنگیی بەڵگەمەندکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆڵی هەنگاو لەو بارەیەدا کرد. ناوبراو ئاماژەی بە کێشەکانی چالاکانی مافی مرۆڤ، وەکوو هەڕەشە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە ئەندامانی هەنگاو کرد و پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو هەڕەشانە ناتوانن ڕێگری لە بەردەوامیی چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە بکەن. ناوبراو کوتی هەنگاو لەسەر هەوڵی خۆی بۆ گەیاندنی دەنگی قوربانییانی سەرکوت لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە جیهان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەمێنێتەوە.

 

کۆڕی پسپۆڕی باس لە چەوساندنەوەی کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان

لە بەشی دواتردا، کۆڕێکی وتووێژی پسپۆڕی بە سەرنجدان بە چەوساندنەوەی کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان لە ئێران بەڕێوە چوو کە بەڕێوەبردنی لە ئەستۆی هانی میرشالاری، چالاکی مافی مرۆڤی بەلووچ بووە. لەو کۆڕەدا مریەم ئەمیریفەرد، بەرهەم ئازادی و مینا خانی، هەر یەک لە گۆشەیەکی جیاوازەوە باسیان لە سیاسەتە چەوسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی کرد.

مریەم ئەمیریفەرد، چالاکی مافی مرۆڤی بەلووچ، بە ئاماژە بە چەوساندنەوەی ڕێکخراوانەی هاووڵاتییانی بەلووچ لە مافە سەرەتاییەکانیان، باسی لەوە کرد کە پێنەدانی ناسنامە و کارتی پێناسە، هەزاران هاووڵاتیی بەلووچی لە دەستڕاگەیشتن بە مافە سەرەکییەکانیان وەکوو پەروەردە و خزمەتگوزاریی دەرمانی و تەندروستی بێبەش کردووە و هاووڵاتییانی نەبیندراویانی لێ ساز کردووە.

بەرهەم ئازادی، چالاکی مافی مرۆڤ و ئەندامی حیزبی سۆسیالیستی چەپی نۆروێژ، بە گرنگیدان بە چەوساندنەوەی ئابووری و کولتووری لە کوردستان، پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەو ناوچانەی بەشێوەی ئامانجدار لە هەژاریدا هێشتووەتەوە و خەڵکی بۆ لای پیشەی پڕمەترسیی وەکوو کۆڵبەری هان داوە. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە چەوساندنەوەی ڕێکخراوانەی چالاکانی سیاسی کورد و کاریگەری ئەو سیاسەتانە لە لاوازکردنی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان کرد.

مینا خانی هەروەها باسی لە بارودۆخی گیلەکەکان لە بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی کرد. ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سیاسەتە ناوەندگەرا پاوانخوازانەکان لە کاتی سازبوونی دەوڵەت نەتەوە لە ئێران تا ئەمڕۆ ئاسیمیلاسیۆنی کولتوورییان پەرە پێداوە و بەربەستێکی سەرەکی لەسەر ڕێگای پرۆسەی دێموکراتیزەکردن بوون. ناوبراو هەروەها لەسەر بزووتنەوە جەماوەرییەکانی گیلان لە بزووتنەوەی جەنگەڵ تا بارودۆخی ئەمڕۆ و هۆکارەکانی بەرەوپێشچوونی ئاسیمیلاسیۆنی کولتووری و بەرخۆدانە کولتوورییەکان لە گیلان قسەی کرد.

 

لە بەشی کۆتایی سێمینارەکەدا، بەڵگە فیلمی «لە هۆنراوە تا بێسەروشوێنبوون» پێشکەش کرا. ئەو بەڵگەفیلمە کە لە لایەن هەنگاو لە ساڵیادی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ژاکان باران بڵاو کراوەتەوە، گێڕانەوەیەک لە ژیان، خەبات و چارەنووسی ئەو شاعیر و چالاکە مافی مرۆڤییە کوردەیە.

ئەو سێمینارە لەئاکامدا دەرفەتێک بوو تا چالاکانی مافی مرۆڤ، لێکۆڵەران و سیاسەتوانان لە کۆڕێکی زانستی و پسپۆڕیدا باس لە شێوازی چەوساندنەوە و هەڵاواردن لە ئێران بکەن و هەندێک ڕێ‌وشوێن بۆ پاڵپشتی لەو کۆمەڵگایانەی بەرەوڕووی هەڵاواردن دەکرێنەوە نیشان بدەن.

هەنگاو لەسەر بەڵگەمەندکردن و ڕاگەیاندنی زانیاری لە بابەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بەردەوامە و لەسەر گرنگیی پەرەپێدان بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چەوساندنەوەی ڕێکخراوانە لە ئێران پێداگری دەکات.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە