بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی محەممەد حەمزەزادە و هێمن مێهراننیا دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد
هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۱ی خەرمانانی ۲۷۲۶
دوای تێپەڕبوونی ۹ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی محەممەد حەمزەزادە و ۱۸ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی هێمن مێهراننیا، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەهاباد، هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی تەندروستییان لەبەر دەستدا نییە و بەردەوامیی ناڕوونیی چارەنووسیان بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانیی بنەماڵەکانیان.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۳ی خەرمانانی ۲۷۲۶ (۲۵ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، محەممەد حەمزەزادە خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
دوای تێپەڕبوونی ۹ ڕۆژ لە دەستبەسەرکران، ئەم هاووڵاتییە هێشتا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ۲۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۱۵ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، هێمن مێهراننیا لاوی تەمەن ۲۰ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە شاری ئورمیە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و چارەنووس و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
ناوەندە حکوومەتی و دادوەرییەکان تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە خۆیان لە پێدانی هەر جۆرە وەڵامێکی ڕوون سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ناوەندی دەستبەسەرکەر و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکانیان دەبوێرن.