ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر چاوپێکەوتنی ناوەندی "دیالۆگ" و هەنگاو لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا

٨ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٩:٣٧

 

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢٧ی ژانویەی ٢٠٢٥)، دانیشتنێک لە نێوان نوێنەرانی "پلەتفۆرمی وتووێژی کوردستان_دیالۆگ"_ پێکهاتوو لە حەوت حیزبی کوردستان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەلمانیا لەوانە تۆبیاس توونکێل بەرپرسی بەشی ڕۆژاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

ئەم چاوپێکەوتنە لە چوارچێوەی وتووێژە بەردەوامەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ ئەکتەرانی سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنیی پەیوەندیدار بە ئێران و بە جەختکردنە سەر دۆخی مافی مرۆڤ و داهاتووی سیاسیی وڵات بەڕێوە چوو.

لەم دانیشتنەدا، نوێنەرانی پلەتفۆرمی دیالۆگ پێکهاتوو لە ٧ حیزبی پاک، حیزبی کۆمەڵەی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران، حێزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بوون.

ئەم چاوپێکەوتنە کە بە ئاسانکاریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەڕێوە چوو و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی هەنگاو لەوانە، ژیلا موستەجیر، ئەرسەلان یارئەحمەدی و مینا خانی بوو.

لەم چاوپێکەوتنەدا بابەتی سەرەکی وتووێژەکان لەسەر پێویستیی دروستبوونی داهاتوویەکی دیموکراتیک بۆ ئێران بوو. بەشداربووان جەختیان لەسەر گرینگیی گەرەنتی بەرابەری مافی هەموو نەتەوەکان  و گروپە ئەتنیکییەکان، لەبەرچاوگرتنی مافی هاووڵاتی و مافی ژنان کردەوە و گەیشتن بە چوارچێوەیەکی دیموکراتیکیان بە پێش مەرجی ئاشتی بەردەوام و سەقامگیری لە ئێران وناوچەکە لەقەڵەم دا.

لە بەشێکی تری ئەم چاوپێکەوتنە، حیزبەکانی ئەندام لە پلەتفۆرم خوازیاری زۆربوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون. لەوانە داواکاریی پێشکەشکراو ئەتوانرێ بە دانانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، بانگکردن و لێپرسینەوە لە نوێنەران و باڵوێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە مەجلیسە دیپلۆماتیکەکان و پشتگیریی کردەیی و کاریگەر لە خۆپیشاندەران و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی دیموکراسی لە ئێران بوو.

هەر لەم پەیوەندییەدا، تۆبیاس توونکێل، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دوای ئەم چاوپێکەوتنە لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئیکس (تویتەری پێشو) نووسی: ئیمڕۆ لەگەل پلەتفۆرمی وتووێژی کوردی کە نوێنەرانی چەند حیزبی کوردی لە ئێران کۆکردووەتەوە، چاوپێکەوتنم کرد. لە چوارچێوەی پەیوەندیی بەردەوامیی ئێمە لەگەڵ بازنەیەکی گەورە لە ئەکتەرانی کۆمەڵگای مەدەنی، لە بارەی بارودۆخی ئێستای سیاسی و مافی مرۆڤی لە ئێران وتووێژمان کرد.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەم دانیشتنەدا بە پێشکەش کردنی ڕاپۆرتێک لە سەر پێشێلکردنی فراوان و سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری ئێران_بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ کەمینە ئەتنیکی/نەتەوەیی، ئایینی، ژنان و چالاکانی مەدەنی و سیاسی_لێکدانەوە و بۆچوونی خۆی خستە بەردەستی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا.

هەنگاو هەروەها پشتگیری خۆی لە داخوازیییەکانی پلەتفۆرمی حیزبەکانی کوردستان لەوانە بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی، ڕاگەیاند و جەختی لەسەر ڕۆڵی ئەم ناوەندە لە سەرکوتی ناوخۆیی و ناسەقامگیریی ناوچەیی کردەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە