هەوڵەکانی "هەنگاو" و "هاوار" بۆ بەهێزکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ نوێنەرانی پەرلەمانی ئەڵمانیا

٢٦ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٩:٤١

ژیلا موستەئجێر و ئەرسەلان یارئەحمەدی دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وەک نوێنەری ئەم ڕێکخراوەیە لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەشدارییان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە بە میوانداری پیتەر هاید، نوێنەری پارتی لیبراڵی ئەڵمانیا، و بە هاوکاری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەوار بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و بە تایبەتی ئەو تەحەددایانەی کە ڕووبەڕووی کەمینەکانی نەتەوەیی-ئیتنیکی، ئایینی، ڕەگەزی و سێکسییەکان دەبنەوە.

دەنیلا سێپهری، نوێنەری هاوار، لە سەرەتای ئەم دیدارەدا، ڕاپۆرتێکی گشتی سەبارەت بە ڕەوتی سێدارەکان و توندوتیژیی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پێشکەش کرد. پاش ناوبراو، مینا خانی، ئەندامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی هەنگاو و هەوار، جگە لە جەختکردنەوە لەسەر ڕاپۆرتە گرنگەکانی ڕێکخراوی هەنگاو سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بە پەرلەمانتارانی ڕاگەیاند: هەوڵەکانمان ڕەنگدانەوەی دۆخی کارەساتباری مافەکانی مرۆڤە لەم دۆخە هەڵئاوساوەی ناوچەکەدایە کە بتوانین بۆ ئەوەی نەهێڵین باسی مافی مرۆڤی لە ئاستی نێودەوڵەتیی پشتگوێی بخرێت. و بۆ نموونە با ڕوونی بکەینەوە کە کۆماری ئیسلامیی چۆن بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل کوردکوژی دەکات.

لەم دیدارەدا ژیلا موستەئجێر باسی لە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانی کرد و بە تایبەتی جەختی لەو تەحەددایانە کرد کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەوانەش بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە. ناوبراو داوای لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئەڵمان کرد کە بەدواداچوونەکانیان لە ڕێگەی ڕێکخراوە باوەڕپێکراوەکانی مافی مرۆڤەوە ئەنجام بدەن و لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لێپرسینەوە لە کۆماری ئیسلامی بکەن. هەروەها ئەرسەلان یارئەحمەدی بە تایبەتی باسی لە بارودۆخی نالەباری کەمینە نەتەوەیی-ئیتنیکی و ڕەگەزی-سێکسییەکانی ئێرانیان کرد و داوای لە نوێنەرانی ئەڵمانیا کرد کە کاریگەریی خۆیان بۆ باشترکردنی بارودۆخی پەنابەرانی ئێرانی لە تورکیا و هەرێمی کوردستان کەڵک وەربگرن.

هەروەها دامەزرێنەرانی هەنگاو لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی دیکەی دیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا، لەوانە یورگن هارت، ماکس لۆکس، کلارا بۆنگەر و ئیڤان ڕەی، کۆبوونەوە. ئەم نوێنەرانە کە بەرپرسی کەفالەتی سیاسی بەشێک لە بەندکراوانی سیاسی ئێرانن، لەگەڵ دامەزرێنەرانی هەنگاو سەبارەت بە ڕۆڵی سوپای پاسداران لە سەرکوتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ڕێوشوێنی پێویست بۆ دانانی ئەم ڕێکخراوە لە لیستی تیرۆریستی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا قسە و گواستنەوەی ڕاوبۆچوونیان کرد.

لە هەموو ئەو دیدارانەدا نوێنەرانی هەنگاو باسیان لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران کرد و داوایان لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئاڵمان کرد کە سوپای پاسداران بخەنە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و بۆ بەهێزکردنی مافی مرۆڤ و دامودەزگا دێموکراتیکەکان لە ئێران هەوڵی خۆیان بدەن. هەروەها بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ژاکان باران، ئەندامی "هەنگاو"یان وەک نموونەیەک لە ڕێوشوێنە سەرکوتگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی باس کرد و داوایان لە نوێنەران کرد کە بەدواداچوونی جددی بۆ ئەم پرسە بکەن.

ژیلا موستەئجێر و ئەرسەلان یارئەحمەدی کە لەسەر بانگهێشتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەوار لەگەڵ نوێنەرانی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد، لە کاتژمێر و ڕۆژەکانی پێش و دوای ئەم کۆبوونەوەیە، هەروەها لەگەڵ هەندێک نوێنەر و سیاسەتمەداری بەناوبانگی دیکەی ئەڵمانیا کۆبووەوە، لەوانە یورگن هارت - وتەبێژی کاروباری دەرەوەی یەکگرتووی دوو حیزبی دێموکراتی مەسیحییەکان و سۆسیاڵ مەسیحییەکان و کەفیلی سیاسی بەندکراوانی سیاسیی کوردی لەسێدارەدراو، ئارام عومەری بەدریانی، ماکس لوکس، نوێنەری حێزبی سەوزی ئەڵمان و بەرپرسی مافی مرۆڤی ئێران لە ئەنجومەنی ئەوروپا و کەفیلی بەندکراوی سیاسی سێپیدە قولیان، پێگاە عەداڵتیان، لە بەڕێوەبەرانی پێشوو و ئەندامانی باڵای دامەزراوەی حێزبی سەوزی ئەڵمان، کلارا بونگەر، لەگەڵ حێزبی چەپەکان، کەفیلی سیاسی لەسێدارەدراو محەممەد قۆبادلو و ئیڤان ڕەی، نوێنەری حێزبی سۆسیال دێموکراتەکان و کەفیلی سیاسی توماج ساڵحی کۆبوونەوە و باسیان لە ڕۆڵی سوپای پاسداران لە سەرکوتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ڕێوشوێنی پێویست بۆ دانانی ئەم دامەزراوەیە لە لیستی تیرۆریستیی یەکێتیی ئەورووپا باسیان کرد.

هەروەها لە دیدارێکدا لەگەڵ دۆزن تەکاڵ، بەڕێوبەری ڕێکخراوەی هاوار و ڕۆژنامەنووسی ناوداری ئەڵمانی - ئێزدی، موستەئجێر و یارئەحمەدی باسیان لە گرنگی بەبەڵگەکردن و کۆکردنەوەی زانیاری دروست و ڕوون لە بارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران کرد. تەکاڵ وێڕای بەرز نرخاندنی هەوڵەکانی هەنگاو، جەختی لەوە کردەوە کە بەبێ هاوکاری ڕێکخراوەکانی وەک هەنگاو، نەدەکرا بارودۆخی ڕاستەقینەی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بزانرێت، بەتایبەتی لە سەردەمی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا.

ئەم دیدارانە بەشێکن لە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە سەرکوتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە