بابۆل؛ دەستبەسەرکرانی فەرهاد زارع لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

١٧ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٩:٢٦

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

فەرهاد زارع، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان لە شاری بابۆل و برای میلاد زارع لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٥ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، فەرهاد زارع، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان لە شاری بابۆل سەر بە پارێزگای مازەندەران، دوای بانگکران بۆ ژووری جێبەجێکرانی سزاکانی ئەو شارە دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی "مەتی‌کەلا" گواسترایەوە.

فەرهاد زارع دوای گیانبەختکردنی براکەی چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ و هەڕەشەی لێکرابوو، و مانگی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری بابۆل سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

میلاد زارع، لاوی تەمەن ٢٦ی ساڵی خەڵکی بابۆل، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان پشت سەری پێکرا و گیانی لەدەستدا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە