جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان

١٩ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١١:٠٥

هەنگاو؛ شەممە ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی نادر خەسرەوی خەڵکی قەزوین و نەسروڵڵا ئەیووبی خەڵکی ئەهواز، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٥ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی نەسروڵڵا ئەیووبی، تەمەن ٢٧ ساڵ و هاووڵاتیی عەرەبی خەڵکی ئەهواز و نادر خەسرەوی تەمەن ٣٣ ساڵ و هاووڵاتیی تورکی خەڵکی قەزوین لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان جێبەجێ کرا.

نەسروڵڵا ئەیووبی دوو ساڵ پێش و نادر خەسرەوی سێ ساڵ پێش لە دوو دۆسیەی جیاوازەوە دەستبەسەر کرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو دوو بەندکراوە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا نزیکەکان لە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە