ئیزە؛ دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی هۆشەنگ ئال محەممەدی

٢٢ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢١:٢٦

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

هۆشەنگ ئال محەممەدی، هاووڵاتیی لوڕی بەختیاری و خەڵکی ئیزە سەر بە پارێزگای خووزستان، ١٥ ڕۆژی پێش لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە. ناوبراو باوکی حوجەت ئال محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی پێشووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، هۆشەنگ ئال محەممەدی، تەمەن ٦٣ ساڵ، باوکی پێنج منداڵ و خەڵکی ئیزە لە پانزدە دوو حەفتە پێشەوە بە بارودۆخێکی نادیار لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەهواز ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی ئاگادار، هۆشەنگ ئال محەممەدی، لەم دواییانەدا تەنیا یەک پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بووە و لە گواستنەوەی بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئەهواز بنەماڵەکەی ئاگادار کردووەتەوە.

جێ ئاماژەیە کە، ئەم هاووڵاتییە تووشی نەخۆشی دڵە و لە کاتی دەستبەسەرکرانی دەرمانەکانی پێنەگەیشتووە و ئەمەش، نیگەرانی جددی لەسەر باری تەندرووستی ناوبراوی لێکەوتووە.

هۆشەنگ ئال محەممەدی، ڕۆژی سێشەممە ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٨ی مەی ٢٠٢٤)، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵی خۆی لە ئیزە دەستبەسەرکرا و بۆ گرتووخانەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئەهواز گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە