ئەهواز؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی لانی کەم ١٣ هاووڵاتیی عەرەبی سوننە مەزهەب لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ دووشەممە ١٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
لە ئەنجامی شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئەهواز و کووتعەبدوڵڵا، لانی کەم ١٣ هاووڵاتیی عەرەبی سوننە مەزهەب لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و دوای تێپەڕاندنی ماوەیەک لە ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا، بۆ بەندیخانەی شیبانی ئەهواز گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانی کەم ١٣ هاووڵاتیی عەرەب و سوننە مەزهەبی خەڵکی ئەهواز و کووتعەبدوڵڵا بە ناوەکانی: عەبدولمەجید سیلاوی، محەممەد حەزباوی، فارس ئەبوموحەممەد، محەممەد سەمیری، کەریم سەمیری، سەعید سەمیری، ئەبومەسعوود بەدەوی، ئەبویاسر حەزباوی، عادل ئەلبۆغەبیش، عودەی هێندالی، سوهەیب زوبەیدی، کەریم موجەدەم و نادر زوبەیدی، زیاتر لە مانگێکە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم هاووڵاتیانە لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە تۆمەتبار کراون بە چالاکیی ئایینی لەوانە "ئەنجامدانی نوێژی جەماعەت بە شێوازی سوننە مەزهەبەکان" و "بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی جەژنی ڕەمەزان".
هەنگاو زانیویەتی کە ئەم کەسانە کە هەموویان خێزاندارن و خاوەن منداڵن، زیاتر لە مانگێکە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.