مەهاباد؛ دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لەوانە منداڵێکی ١٧ ساڵان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە هێرشکردنە سەر گوندی «کۆسەکەرێز»ی سەر بە مەهاباد، دوو هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی ئیحسان خوڕڕەم ئاباد تەمەن ١٧ ساڵ و میکائیل دودکانلو میلان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار گواستیانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١٢ی مەی ٢٠٢٦)، هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی ئیحسان خوڕڕەم ئاباد، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و میکائیل دودکانلو میلان (شۆڕش) تەمەن ٤٠ ساڵ و بە پەنابردن بۆ توندوتیژی دەستبەسەریان کردوون.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بێ ئەنجام ماوەتەوە.