دەستبەسەرکرانی سۆران سۆهرابی لە مەهاباد و تۆمەتبارکردنی بە "سیخوڕی" لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە

١١ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١٥:٠٠

هەنگاو؛ سێشەممە ١١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوی سۆران سۆهرابی (خودکام)، برای ئەرسەلان خودکام بەندکراوی سیاسیی پێشوو، سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو هەفتە لە دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، هێشتا دەستبەسەرە و چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سۆران سۆهرابی، تەمەن نزیکەی ٣٠ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، نزیکەی دوو حەوتوو پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و بە مەبەستی لێپێچینەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە لە ئورمیە گواستراوەتەوە.

سەرچاوەکانی نزیک لە بنەماڵەی سۆهرابی ڕایانگەیاندووە کە ناوەندە حکوومەتییەکان ئەم هاووڵاتییەیان بە تۆمەتی قورسی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» تۆمەتبار کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی سۆهرابی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی کوڕەکەیان، ناوەندە حکوومەتییەکان لە پێدانی هەر چەشنە وەڵامێکی ڕوون خۆ دەپارێزن و ئەمەش بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لەسەر دۆخی تەندروستی و گیانیی ناوبراو.

جێی ئاماژەیە کە سۆران سۆهرابی، برای ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کوردە. ئەرسەلان خۆدکام پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو کە دواتر ئەو سزایە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە. ناوبراو دواجار لە پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢٠٢٤) پاش تێپەڕاندنی حەوت ساڵ بەندکران، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر وردەکاریی بەڵگەکانی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ سۆران سۆهرابی و دۆخی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە و ناوبراو لە مافی دەستڕانەگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە