دەستبەسەرکران و لێدانی هۆشمەند مورادی هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی تاران

١٢ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٣:٣٤

هەنگاو؛ شەممە ١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

هۆشمەند مورادی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی تیکاب، کە پێشتریش لانی کەم دوو جار دەستبەسەر کرابوو، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە توندوتیژییەوە لە تاران دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٩ی مەی ٢٠٢٤)، هۆشمەند مورادی، تەمەن ٢٩ ساڵ، خەڵکی تیکاب و دانیشتووی تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان دوای ئەوەی بەبێ بەڵگەی دادوەری چوونەتە نێو ماڵی بنەماڵەیی هۆشمەند مورادی، ئەم هاووڵاتییەیان بە بەکاربردنی توندوتیژی دەستبەسەر کردووە.

هەروەها ئەم سەرچاوە ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی هۆشمەند مورادی گرتووە و هاوکاتیش ماڵی بنەماڵەیی ناوبراویان پشکنیوە

هۆشمەند مورادی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، بە لەبەر چاوگرتنی ئەم جارە، سێ جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و لەژێر ئەشکەنجە و لێداندا بووە کە هەواڵی دەستبەسەرکرانی میدیایی نەکراوەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەستبەسەری درێژماوەی ساڵی ڕابردوو، تووشی نەخۆشی بووە. ناوبراو دوای ئازادبوونی، بۆ ماوەی یەک مانگ لە نەخۆشخانەکانی تاران خەوێندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە