موختار ئەسەدی بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کرا

١٧ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢١:٠٥

هەنگاو؛ شەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤

موختار ئەسەدی لە چالاکانی ناسراوی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، دوای ٢٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندیخانەی ئێڤین بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، موختار ئەسەدی لە چالاکانی ناسراوی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، دوای ٢٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی تا کۆتای هاتنی دادگایەکەی بە شێوەیەکی کاتی لە بەندی ٤ی بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کران.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) موختار ئەسەدی لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، یەک ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی و دەستبەسەرداگرتن بەسەر هەموو کەلوپەلەکانی پەیوەندی کردن، بۆ بەندیخانەی ئێڤین لە شاری تاران گواسترایەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤، موختار ئەسەدی دوای چوونی بۆ پۆلیسی فەتای شاری سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابووەوە.

شایانی باسە کە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، کاتژمێر شەشی بەیانی، لە کاتێکدا ئەم چالاکە پیشەییەی مامۆستایان، لە ماڵ نەبووە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو لە سنە و بە شێوەیەکی هۆڤانە ماڵەکەیان پشکنیوە و ئەمەش بووە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ ژن و منداڵ و هەروەها دراوسێکانی ناوبراو.

موختار ئەسەدی یەکێک لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری سنەیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن ئیدارە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە و لە لایەن دەزگای دادوەری بە سزای بەندکران مەحکووم کراوە. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا بە بڕینی مووچەی خانەنشینی لە کار دەرکراوە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕووی لە کشتوکاڵ کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە