زاهیدان؛ کوژرانی هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراو لەژێر ئەشکەنجە

٢٧ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١١:٣٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی بەلووچ بەناوی محەممەد گورگیچ، دوای سێ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی شاری زاهیدانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، محەممەد گورگیچ، خەڵکی شیرئاوای زاهیدان، تەمەن ٣١ ساڵ و باوکی سێ منداڵ لە دەستبەسەرگەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئەو شارەدا کوژرا.

محەممەد گورگیچ، ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو و بنەماڵەکەی تا بەیانیی ڕۆژی هەینی و بیستنی هەواڵی مردنەکەی، زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ناوبراو نەبووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە دوای سێ ڕۆژ، ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە بنەماڵەی ئەو قوربانییەیان ڕاگەیاندووە کە منداڵەکەیان گیانی لەدەستداوە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتە بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان هاتووە کە، "محەممەد بە ئەگەری زۆر هەر شەوی ئەوەڵ لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە و لە دیتنی تەرمەکەی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ڕێگری کراوە."

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە: "بنەماڵەی محەممەد سکاڵایان لە هێزەکانی ئەو دەستبەسەرگەیە کردووە و دڵنیان لەوەیکە منداڵەکەیان لەلایەن ئەو هێزانەوە لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە."

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینییەوە تا ئێستا لانی کەم ١٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە کە ٤ کەس لەوان واتا ٢٥٪ لە بەندکراوانی بەلووچ و ٨ کەس واتا ٥٠٪ لە بەندکراوانی کورد بوون. لە سەرجەم ئەو ١٦ بەندکراوەی کە گیانیان لەدەست داوە لانی کەم ٦ کەس واتا ٣٧.٥٪ی سەرجەم حاڵەتەکان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە